پەیامی پیرۆزبایی بزووتنەوەی ئاشتیی ناوخۆیی بە بۆنەی جەژنی نەورۆزی ٢٠٢٦

بە ناوی بزووتنەوەی ئاشتیی ناوخۆی گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی گەلی کوردستان، ڕێبەران و ئەندامانی بزووتنەوەکەمان لە هەر چوار پارچەی نیشتمان و ڕەوەندی کوردی لە ئاسیای ناوەڕاست، ئەورووپا و جیهان دەکەین.
هیوادارین ساڵی ٢٠٢٦ ببێتە وەرچەرخانێکی مێژوویی بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری بنەڕەتی، چەسپاندنی تەبایی و سەرکەوتنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان.
لە کاتێکدا بەرەو ساڵی نوێ هەنگاو دەنێین، بە پێویستی دەزانین ستایشی ئەو هەوڵە نەتەوەییانە بکەین کە بوونە مایەی پاراستنی دەستکەوتەکانمان.
سوپاس و پیرۆزبایی تایبەت ئاراستەی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی، ڕێزدار مەزڵووم عەبدی و گشت سەرکردە سیاسییەکان دەکەین، کە بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لەم بارودۆخە هەستیارەدا، یەکڕیزییان پاراست و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەی کوردیان بەهێزتر کرد.
دەستخۆشییەکی گەورە لە هەر شەش پارتی سیاسیی ڕۆژهەڵات دەکەین بۆ دامەزراندنی “هاوپەیمانی”. ئاواتەخوازین ئەم هەنگاوە فراوانتر بێت و ببێتە چەترێک بۆ هەموو لایەنەکان تا ئازادیی گەلەکەمان مسۆگەر بکات.
پەیام بۆ باکووری کوردستان و دەوڵەتی تورکیا
بانگ لە دەوڵەتی تورکیا دەکەین کە بە جیدییەت و ڕوانگەیەکی نوێوە مامەڵە لەگەڵ “پرۆسەی ئاشتی” بکات. پێویستە تورکیا دان بە واقیعەیەتی بوونی نەتەوەی کورددا بنێت و لەگەڵ ڕێبەرانی pkk، گفتوگۆی ڕاستەقینە بۆ ناسینی مافە سیاسی، کارگێڕی و کولتوورییەکان دەست پێ بکات. داواش لە هەموو لایەنە کوردییەکانی باکوور دەکەین کە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی نەتەوەی کورد لە باکوور کۆڵ نەدەن.
بزووتنەوەی بان داوا لە گشت پارتە سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەکات لەسەر بنەمای ستراتیژێکی دامەزراوەیەکی هاوبەش بۆ هەماهەنگی و کارکردنی پێکەوەیی دابمەزرێنن
بژی تەبایی نەتەوەیی و ئاشتیی ناوخۆیی
د. مووسا کاڤاڵ
سەرۆکی بزووتنەوەی ئاشتیی ناوخۆیی (BAN)
١٩
ی ئاداری ٢٠٢٦



